قۆڵۆن ،وەک هەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ،دوچاری نەخۆشی زگماکی و هەوکردن و شێڕپەنجە دەبێت.
قۆڵۆن کە بە کوردی ریخخۆلە ئەستورەشی پێدەوترێت،وەک هەر ئەندامێکی لەشی مرۆڤ،دوچاری نەخۆشی زگماکی و هەوکردن و شێڕپەنجە دەبێت،بەڵام یەک لە نەخۆشیە هەرە باوەکانی ئەم ئۆرگانە،حاڵەتێکە کە لە نێوان لەشساخی و نەخۆشیدایە،کەسە تووشبوەکە ساخ نیە،نەخۆشیش نیە.ئەم حالەتە لە کوردەواریدا پێیدەوترێت کۆلۆن،بە زمانی عەرەبی پێیدەوترێت تشنج الامعاو الغلیگە،بە ئینگلیزی پێیدەوترێت irritable bowel syndrome.واتە ئەو ناوەی کورد لێیناوە دروست نیە،ئەگەر سفەتێک نەخرێتە سەر قۆلۆن لە روی زانستیەوە واتای نیە و راست نیە ،کەوابو دەتوانین بڵێین گرژی قۆلۆن یان سەرلیشیواوی قۆلۆن یان کۆلنجی قۆلۆن.
کۆڵنجی قۆلۆن بریتیە لە تێکچونی هاوسەنگی نێوان کرژبون و خاوبونەوەی ماسولکەکانی دیواری ریخۆلەی ئەستورە(قۆلۆن)،ئەگەر نەخۆشەکە زیاد لە سنوری ئاسایی خۆی، ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورەی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە کاتی خۆی کرژ ببن،نەخۆش هەست بە ژانەسک دەکات،سکی هەلدەئاوسێت و قێز لە خواردن دەکات و دوچاری سکچون دەبێت.بە پیچەوانەشەوە ئەگەر ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورە زیاد لە سنوری ئاسایی خۆی و بۆ ماوەیەکی درێژ خاوبونەوە،نەخۆشەکە دوچاری قەبزی دەبێت و پیساییەکەی رەق دەبیت و بە زەحمەت سەر ئاو دەکات.
ئەم حالەتە ناتەندروستە لە ناو خەلکدا زۆر باوە،بۆ نمونە لە ناو خەلکی ئەمریکادا لە هەر ٥ پێنج کەس یەک کەس توشی دەبێت،لە ناو تویژی گەنجدا زۆرە،کەم جار دەبینیت کەسانی سەروی تەمەنی ٤٠ چل ساڵی توشی ئەم حالەتە ببن،ژنان دوجار زیاتر لە پیاوان دوچاری ئەم حالەتە دەبن.ئەو کەسانەی گیرو گرفتی دەرونیان هەیە زیاتر لە کەسانی ئاسایی دوچاری ئەم حالەتە دەبن،ئەو کەسانەی کە لە خزم و بنەمالەکەیاندا ئەو حالەتە هەیە زیاتر لە خەلکانی تر دوچاری ئەم حالەتە دەبن.
گرنگترین نیشانەکانی ئەم حالەتە ناساخیە :
١.ژانە سک،ژانە سکەکە سوکە،لە بەشی خوارەوەی لای راست و چەپی سکدایە،بەردەوامە،نەخۆشەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەو ژانەسکەوە دەناڵێنێت،جار جار سەردانی پزیشک دەکات.
٢.نەخۆشەکە هەست بە هەلئاوسانی سکی دەکات و دەچیتە لای پزیشک و دەلێت سکم هەلئاوساوە،لە هەمان کاتدا بە پزیشک دەڵیت ئارەزوی خواردن ناکەم.
٣.نەخۆش دوچاری غازاتێکی زۆر دەبێت و تڕ و تسی زۆر بەردەداتەوە،هەندێک جار هێندە غازاتی زۆر دەبێت کار لەسەر پیوەندیە کۆمەلایاتیەکانی دەکات و ناچاردەبێت شوینە گشتیەکان چٶڵ بکات و زوزو بچیتە تەوالێت.
٤.بە گوێرەی کرژبون و خاوبونی ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵەی ئەستورە،نەخۆش دوچاری سکچون یان قەبزی دەبێت،هەندێک جار لەگەل سکچوندا مادەیەکی لینج دێتە درەوە .
٥.لە هەندێک کەسدا بە تایبەتی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژ دوچاری ئەم حالەتە دەبن،نەخۆش هەست بە لاوازی و بێوزەیی دەکات و رەشبین و دورەپەریز دەبیت و دوچاری سەرئێشە دێت.
هۆکارەکانی کۆلنجی قۆڵۆن:
١.خواردن : هەندێک خواردن دەبنە هۆی دروستکردنی گازاتی زیادە لە ریخۆڵەی ئەستورەدا بە تایبەت ئەو خواردنانەی کە بە زەحمەت هەرس دەکرێن، وەک بەرهەمەکانی پاقلە و گەنم و نۆک،یان ئەو کەسانەی شیر دەخۆنەوە و ئەنزیمی laktase ناو ریخۆلەیان لاوازە،ئتر مادەی شەکری لاکتۆزی ناو شیر هەرس نابێت و دەگاتە ریخۆڵە ئەستورە.ئەو کەسانەی زۆر خۆرن زۆرتر دوچاری ئەم حالەتە دەبن،ئەو کەسانەی بە پەلەپەل نان دەخۆن زۆرتر دوچاری ئەم نەخۆشیە دەبن. لە ئەنجامدا خواردنێکی هەرسنەکراو لە ریخۆلەی ئەستورەدا دەمێنێتەوە،ریخٶلە ئەستورە دەوروژێنی و زۆر کرژدەبیت،ئەو میکرۆبانەی لە ناو ریخۆلەی ئەستورەشدان، خواردنە هەرسنەکراوەکە دەترشینن و گازاتی زۆری لێدروستدەکەن.
٢.باری دەرونی ناجێگیر هۆکاریکی تری دروستبونی حالەتی کۆلنجی قۆلۆنە،ئەگەر کەسەکە دوچاری دڵەراوکێ و زۆر بیرکردنەوە ببێت،هەمو ئۆرگانەکانی لەشی بە ریخۆلەی ئەستورەشەوە زیاد لە سنوری خۆی چالاک دەبێت و ماسولکەکانی کرژ دەبنەوە،بە پێجەوانەشەوە،ئەگەر نەخۆشەکە دوچاری ماتەمینی و دورەپەریزی ببێت،ماسولکەکانی دیواری ریخۆلە ئەستورەی دوچاری سستی دەبن.
٣.هۆکاری سێهەم بۆ دروستبونی کۆلنجی قۆلۆن ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤە،ئەم حالەتە بە رونی لە کاتی سوڕی مانگانەی ژناندا دەردەکەویت،لە سەروبەندی سوڕی مانگانەدا ژنان زیاتر لە کاتەکانی تر دوچاری کۆلنجی قۆلۆن دبن.
٤.نەخۆشیەکانی تر،ئەو کەسانەی کە حالەتی کۆلنجی قۆلۆنیان هەیە،لە کاتی توشبونیان بە نەخۆشی ترەوە،ئەگەری توشبون و سەرهەلدانەوەی کۆلنجی قۆلۆنیان هەیە و لەوانەیە کۆلنجەکە بە قورسی بگرن.
وریابونی نەخۆش و پزیشک :
حالەتی کۆلنجی قۆلۆن لە نێوان لەشساخی و نەخۆشیدایە،نەخۆشی ئۆرگانی نیە و ساخیش نیە،بەلام زۆر گرنگە کە پێش ئەوەی پزیشک بریار بدات کە نەخۆشەکە دوچاری کۆلنجی قۆلۆن بوە،بە پشکنینی کلینیکی و بە پشکنینی تاقیگە و تیشک و نازور، بگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەخۆشەکە دوچاری هیچ یەک لە نەخۆشیە ئۆرگانیاکانی قۆلۆن نەبوە.
کاتێک نەخۆشەکە لە کۆمیەوە دوچاری خوێنرێژی دەبێت،یان بە شەو هەست بە ئازار بکات،یان کێشی لەشی دابەزێ، دەبێت گۆمان لە لای پزیشک دروست ببێت کە ئەو حالەتە کۆلنجی قۆلۆن نیە و ئەگەری نەخۆشی تری وەک هەوکردن و شێرپەنجەی قۆلۆن هەیە.
چارەسەری کۆلنجی قۆلۆن:
١.دەبێت نەخۆشەکە واز لە زۆر خۆری بێنێت،کەم خۆری دایم خۆربێت،بە پەلە نان نەخوات،خواردن بۆ ماوەیەک لە ناو دەمیدا بهێڵیتەوە،بۆ ئەوەی خواردنەکە بە جوین ورد بکات و لەگەل لیکی ناو دەم تێکەڵاو ببێت،دەبێت هەمو تێبگەین پرۆسەی هەرسکردنی خواردن لە ناو دەمدا دەستپیدەکات،ئەگەر ئەو پرۆسەیە لە ناو دەمدا بە باشی بەرێوە نەچێت و کاتی خۆی پێنەدرێت،پرۆسەی هەرسکردنی خواردن تێکدەچێت و کۆئەندامی هەرس سەری لیتیکدەچێت.ئەو خواردنانەی کە بە نەخۆشەکە ناکەوێت و گازاتی پێدروست دەکات،دەبێت نەخۆشەکە بە کەمی بەکاریان بهێنێت یان هەر بەکاریان نەهێنێت.
٢.ئەو کەسانەی دوچاری نیگەرانی و دلەراوکێ و باری دەرونی ناجێگیر دەبن دەبێت پزیشک بیانبینیت رێنمایی و چارەسەری گونجاویان بۆ دەستنیشان بکات.
٣.دەبێت پزیشک ئاگای لە کاریگەریە خراپەکانی کۆلنجی قۆلۆن بێت و لە نەخۆشی ئۆرگانی جیای بکاتەوە .
لە پەیجی د.فایق گوڵپییەوە وەرگیراوە


إرسال تعليق