دوای ئەوەی هێزەكانی عیراق بەهاوكاری فڕۆكەكانی جەنگی هێزەكانی هاوپەیمانان توانیان شاری تكریت لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە، خەڵكی ئەو شارە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان.
دوای ئەوەی شاری تكریت لە چەكدارانی داعش پاككرایەوە دانیشتوانی ئەو شارە كە ئاوارەی كەركووك و دەوروبەری ببوون گەڕانەوە بۆ شارەكەیان. بەشێك لە هاوڵاتییانی عیراقی دانیشتووی شاری تكریت بە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان گەڕانەوە و بەشێكی دیكەش لە رێی ئەو پاسانەی كە حكومەتی عیراق بۆیانیان دابین كردووە گەڕانەوە بۆ تكریت. لە كاتی گەڕانەوەیاندا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و ئاڵای عیراقیان بەرز كردەوە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین سەعدییە موحسین لە كاتی بەڕێكردنی هاوڵاتییانی شاری تكریت بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وت: "ئێمە ئەمڕۆ لێرە كەرنەڤاڵێكی خۆشی بەڕێ دەكەین. ئەو خەڵكە لە ژیانیاندا بۆ یەكەم جار رووبەڕووی ئاوارەیی بوونەوە بۆیە ئێستا بە خۆشییەكی زۆرەوە بەرەو ماڵەكانیان دەڕۆنەوە. ئەم سەركەوتنە قەرزاری هێزەكانی حەشدی شەعبیین".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ژیان لەو شارە ئاسایی بووەتەوە، خۆی سەردانی تكریتی كردووە و وتی: "دوێنێ خۆم سەردانی تكریتم كرد هاوكاریمان بەسەر خەڵك دابەش كرد. راستە بەهۆی شەڕەكەوە تكریت وێران بووە بەڵام دەكرێ نۆژەن بكرێتەوە".
هاوڵاتییەكی دانیشتووی شاری تكریت حەمید جەلال لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ شارەكەی خۆشی خۆی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەربڕی، ئەو وتی: "داوا لە حكومەت دەكەم بە زووترین كات شار و شارۆچكەكان بگەڕێننەوە دۆخی پێشووی".
حەمید بەهۆی هاوكارییەكانیانەوە سوپاسی خەڵكی كەركوكی كرد وتی: "لەو ماوەیەدا كە لە كەركووك بووین زۆر هاوكاریان كردووین سوپاسیان دەكەین".
تكریت كە شوێنی لە دایكبوونی سەدام حسێن سەرۆكی پێشووی لە سێدارەدراوی عیراقە، ماوەیەكی درێژبوو لە دەستی تیرۆریستانی داعش دابوو بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی لە لایەن هێزە عیراقییەكانەوە، ئێستا بەشێكی زۆری ئەو شارە لەدەستی چەكدارە شیعەكاندایە.
بەشی كوردی ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە: شاری تكریت كە ماندووی دەستی تیرۆر و شەڕە بووەتە وێرانەیەك، هاتوچۆی شاری تكریت كە تازە ئازاد كراوە لە رێگای رۆژئاوای و باشوورەوە دەكرێت. بۆ گەیشتن بە سەنتەری شار كە باڵاخانەی پارێزگا و باڵاخانە حكومییەكانی دیكەی تێدان پێویستە لە چەندین خاڵی پشكنینی چەكدارە شیعەكان تێپەڕ ببیت.
هەمووی كۆشكەكانی سەرۆكی رژێمی لە ناوچوی عیراق سەدام حسێن لە دەستی گرووپی چەكداری عەلی ئەكبەر و بەتار دان، كە سەر بە چەكدارە شیعەكانن.
ئەو كۆشكانە كە بە ناوی سەدامەوە ناسراون و شێوازە تایبەتییەكەی دروست كردنیان سەرنجڕاكێشە هیچ ئاسەوارێكی پێشوویان لەسەر نەماوە، لەسەر دیواری ئەو كۆشكانە ئاسەوارێكی زۆری شەڕ هەیە و بەرپرسی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە، داعش لە كاتی شەڕەكاندا سەرەڕای ئاگربەردان لەو كۆشكانە هاوكات بەشێكی زۆری ئەو كۆشكانەشی بۆمبڕێژ كردووە بۆیە رێگە بە رۆژنامەنووسان نادرێت كە سەردانی ئەو كۆشكانە بكەن.
تاكتیكی سووتاندنی باڵاخانەكان لە لایەن داعشەوە تەنیا تایبەت بە كۆشكەكانی سەدام لە تكریت نییە، بەڵكو پێش دەستپێكردنی شەڕ باڵاخانەی پارێزگا، نەخۆشخانەی تكریت، باڵاخانەی دابەشكردنی كارەبا و چەندین باڵاخانەی دیكەی حكومی سووتاندووە و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی مەدەنیش لە ستراتیژیەتی بۆمبڕێژكردنی ناوچەكان لە لایەن داعشەوە رووبەڕووی زەرەر و زیان بوونەوە.
بەشێكی زۆری دانیشتوانی شاری تكریت كە سەدا 90ی لە دەستی چەكدارە شیعەكاندایە لە شار نەماون، پێش دەستپێكردنی شەڕ لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا داعش رێگەی بە دانیشتوانی شارەكە داوە تا شارەكە چۆڵ بكەن بەڵام چەندین سەرچاوەی هەرێمیش ئاماژە بەوە دەكەن كە سوننەكانی تكریت بە هۆی ترسیان لە چەكدارە شیعەكان شارەكەیان چۆڵكردووە.
ئەو مین و تەقەمەنیانەی لە نێو زەوی و دارستانەكانی دەورووبەری تكریتدا دانراوە لە لایەن تیمە پسپۆڕەكانەوە دەتەقێنرێنەوە بۆیە چوار دەوری شارەكە بە دووكەڵی رەش داپۆشراوە.
حەسەن ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی تكریت بە پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند: "بۆ هەمیشە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگارمان بوو، ئۆپەراسیۆنی رزگار كردنی تكریت كەمتر لە كاتی چاوەڕوان كراو و بە كەمترین زەرەر گەیشتە ئەنجام".
گرووپە چەكدارە شیعەكان كە سەرەتا بۆ رزگار كردنی شارەكە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە و دوتر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر شارەكەدا سەپاندووە پێكهاتوونە لە گرووپەكانی بەدر كە بە نزیكبوونی لە هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئێران دەناسرێت، عەسائیب ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا، هێزی بەتار، كەتائیبی ئیمام عەلی، حزبوڵڵا، عاشوورا، سەید شوهەدا و كەتائیبی عەلی ئەكبەر.


إرسال تعليق