وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێككەوتننامەكەی نێوان هەولێر و بەغدا بووەتە ئەمری واقع و بەرژەوەندیی هەموو لایەكیش لە سەر گەشەپێدان و بەردەوامی ڕێككەوتننامەكەوە بەندە.
“عادل عەبدولمەهدی”، وەزیری نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جێگەی چارەسەری دڵنیا و هەمیشەیی، گەیشتوونەتە چارەسەری كاتیی و هەردوولا لە كۆتاییی ساڵی ڕابردوودا، ڕێككەوتنێكیان لە سەر هەناردە كردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان و دابین كردنی 17%ی پشكیی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق مۆر كردووە. ڕوونیشی كردووەتەوە: “سەرەڕای هەموو زەحمەتی و كێشەكان، ڕێككەوتنەكە بارودۆخ و دیدارەكانی باشتر كردووە و لە تێپەڕاندنی قەیرانی بودجەدا هاوكار بووە، ئێستە ڕێككەوتننامەكە بووەتە ئەمری واقع و پێمان وایە بەرژەوەندیی هەموو لایەك لە سەر بەردەوامی و گەشەپێدانی وەستاوە”.
پێنجشەممەی ڕابردوو، “هۆشیاری زێباری”، وەزیری داراییی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا زیاتر لە 500 ملیار دیناری وەك پشكیی مانگی 3ی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق ناردووە.
لە لایەن خۆشیەوە “مەسعود حەیدەر”، ئەندامی كوردی لێژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە، زۆر لەو بڕە كەمترە كە لە یاسای بودجەی 2015ی عێراقدا دیاریی كراوە، بەڵام بەغدا بە پێی بڕی هەناردە كردنی نەوت، بودجە دەنێرێت. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە مانگی 6ی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا هەناردە دەكات، بەمەش بەغدا پارەی زیاتر بۆ كوردستان دەنێرێت و ئەوكاتە دەتوانرێت، كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.


إرسال تعليق